سەرەتای ساڵی نوێی خوێندن

دوایی تەواو بوونی پشووی ھاوین و گەشت و گەڕان لەو ماوەیەدا، قوتابییان ئامادە دەبن بۆ دووبارە گەڕانەوە قوتابخانەکانیان، پەرۆشی گەڕانەوە دەبن بۆ سەر کورسی خوێندنەکانیان، لەگەڵ ھەموو ساڵێکدا قوتابی چەند ئامانجێک و خەونێکی نوێ لەگەڵ خۆی ھەڵدەگرێت، وەک باشترکردنی نمرەکان و ئاستی خوێندن بەراورد بە ساڵانی پێشوو، ھەروەھا بەشداریکردنی لە چالاکییەکانی قوتابخانە و چەندان کاری دیکە کە پەیوەندیدارن بە ڕەفتاری قوتابی لە ساڵی نوێی خوێندندا. 


ئامۆژگاری بۆ قوتابیان لە ساڵی نوێی خوێندن

گەشبینبوون بە ساڵی نوێی خوێندن

نابێت قوتابی بگەڕێتەوە بۆ قوتابخانە لە سەرەتای ساڵی نوێی خوێندن، بە نائومێدی و ڕەشبینییەوە بەھۆی دابەزینی ئاستی خوێندنی لە ساڵانی ڕابردوودا، بەڵکو دەبێت ھیوای ھەبێت و گەشبین بێت، ھەروەھا پێویستە قوتابی بزانێت ئەمە یەکەم کلیلی چارەسەرە بۆ بەدەستھێنانی جیاوازی و گۆڕانی ئەرێنی لەماوەی ساڵی خوێندندا، چالاکی زۆر گرنگە بۆ دەستکردنەوە بە ساڵی نوێی خوێندن. 


دیاریکردنی ئامانج 

گرنگە لە ساڵی نوێی خوێندندا قوتابی ئامانجەکانی دیاری بکات، ھەندێک لە قوتابییان ئامانجەکانیان دیاریدەکەن بە بەدەستھێنانی نمرەیەکی بەرز لە وانەی بیرکاری یان وانەی ئینگلیزی، لەکاتێکدا ھەندێک قوتابی سەرکەوتوو ئامانجیان باشترکردنی ڕەفتارەکانییان لە قوتابخانە و چۆنییەتی بەشداریکردن لەو چالاکییانەی لە پڕۆگرامی خوێندندا نین، وەک ئاھەنگی کۆتایی ساڵ و جەژنی مامۆستا و چەندان چالاکی دیکە.


ڕێکخستنی کاتژمێرەکانی خەوتن 

نابێت قوتابی لە کاتی چوون بۆ قوتابخانە دوابکەوێت، دەبێت زوو بخەوێت پاش جێبەجێکردنی ھەموو ئەرکەکانی قوتابخانەی و زوو لە خەو ھەستێت، بە وزەیەکی چالاکەوە پاشان ژەمی بەیانیان بخوات، ھەروەھا جێی ئاماژەیە خەوتنی قوتابی بە شێوەیەکی پێویست لە شەودا توانای تەرکیزکردنی لەکاتی ڕوونکردنەوەکانی مامۆستادا لە ناو وانەدا زیاتر دەکات، و وای لێدەکات بە ئاسانی لە وانەکە تێبگات، ھەروەھا بەشداریکردنی ناو پۆلی زیاتر دەبێت.


ناسینی ژینگەی خوێندن 

ھەندێک جار قوتابی لە قوتابخانەیەکەوە دەچێتە قوتابخانەیەکی دیکە، بەتایبەت لەکاتی بڕینی قۆناغی سەرەتایی بۆ قۆناغی ناوەندی یان لە قۆناغی ناوەندییەوە بۆ قۆناغی ئامادەیی، ھەندێک لە قوتابیان تووشی سەرلێشێواوی دەبن دەربارەی چۆنییەتی ڕەفتارکردن لەگەڵ ژینگە نوێیەکەیاندا، وا باشتر قوتابی دەستپێشخەری بکات لە ناسینی ھاوڕێ و مامۆستا نوێیەکان و تێکەڵ بوون لەگەڵ کەسانی دیکەدا، دروستکردنی پەیوەندییەکان ڕێگە بە تێکەڵبوونی قوتابی دەدات لەگەڵ کەشی نوێی خوێندنەکەی. 


ڕێزگرتنی سیستەمی قوتابخانە

ڕێزگرتنی سیستەمی قوتابخانە واتە پۆشینی جلوبەرگی قوتابخانە و پاراستنی پاکوخاوێنی گشتی، و بەجێنەھێشتنی قوتابخانە بەبێ ڕێپێنەدانی فەرمی لە بەڕێوەبەری قوتابخانە، ھەروەھا بەرزنەکردنەوەی دەنگ بەسەر مامۆستادا جا بە ھەر ھۆیەک بێت و ھەر ھۆکارێکی لەپشت بێت، ھیچ پاساوێک نییە بۆ ڕەفتارکردن بەم شێوە خراپە، ھەروەھا سیستەمی قوتابخانە وەستان بە ڕیز لە بەیانیاندا دەگرێتەوە، پاشان چوونە نێو پۆلەکانەوە، لە دوایی چونە ژوورەوە دەستکردن بە خوێندنی وانەی یەکەم.