سەرەتا

بۆچی ناتوانم سەعی بکەم ، لەوانەیە زۆرجار خوێندکار ڕووبەڕووی ئەم پرسیارە بووبێتەوە لە قۆناغەکانی هەوڵدان و تێکۆشاندا. سەعیکردن پڕۆسەی فێربوون و دەستکەوتنی زانیارییە لەسەر بابەتێکی دیاریکراو لەڕێگەی تێگەیشتن و لەبەرکردن یان ڕاهێنانکردن. لە خوێندنگەدا ئامانجی سەرەکی خوێندکار لە سەعیکردن بریتییە لە بەدەستهێنانی نمرەیەکی باش، تەواوکردنی قۆناغەکانی خوێندن بە سەرکەوتوویی، گەیشتن بە ئامانجەکانیان و هەبوونی ئیشێکی گونجاو لە دواڕۆژدا. 


بۆچی ناتوانیت سەعی بکەیت؟

سەعیکردن پێویستی بە بەردەوامی هەیە، زۆر کەمن ئەو کەسانەی چێژ لەم پڕۆسەیە دەبینن و بە خۆشەویستییەوە ئەنجامی دەدەن. زۆربەی خوێندکاران دوای ماوەیەکی زۆر لە خوێندن یان بەهۆی پەیڕەوکردنی شێوازێکی نادروست توانای سەعیکردنیان نامێنێت، بەشێوەیەک جۆرە ساردبوونەوەیەکیان تێدا بەدیدەکرێت و دەکەونە ژێر فشاری دەروونی و دوودڵییەوە، بەمەش لەوانەیە خوێندکارەکە نمرەیەکی کەم لە وانەکاندا بە دەست بهێنێت و ئەگەری هەیە لە خوێندن دوابکەوێت. هەندێک لەو هۆکارانەی کە خوێندکار بەهۆیەوە توانا و تاقەتی سەعیکردنی نامێنێت، بریتیین لە: 


بەسەرنەبردنی کات لەگەڵ هاوڕێ یان خێزان

یەکێک لە کلیلەکان بۆ سەرکەوتن و سەعیکردنێکی کاریگەر بریتییە لە هێشتنەوەی هاوسەنگی لەنێوان سەعیکردن و چێژ بینین لە خۆشییەکانی ژیان، وەک بەسەربردنی کات لەگەڵ خێزانەکەتدا. کۆنتڕۆڵکردنی کات و دابەشکردنی بنەمایەکی زۆر گرنگە لە پڕۆسەکەدا، لەوانەیە بتوانرێت بۆ ماوەیەکی کاتی بەتەنها تەرکیز لەسەر خوێندن بکرێت، بەڵام دواتر ساردبوونەوە و بێزاری ڕوودەدات. بۆیە واباشترە هەوڵبدرێت لەگەڵ خوێندنەکە تێکەڵی کەسانی دەوروبەر ببن و ئەو چالاکییانەی بەلایەنەوە سەرنج ڕاکێشە ئەنجامی بدەن.


نەبوونی هۆکارێک بۆ سەعیکردن

لەکاتی سەعیکردن زۆربەی خوێندکاران دووچاری گرفت دەبنەوە، لەبەرئەوەی بیریان نەکردووەتەوە کە بۆچی پێویستە سەعی بکەن. دیاریکردنی ئامانجێک یان هۆکارێک وا دەکات حەزت بۆ سەعیکردن زیاتر بێت و بەردەوام بیت، ئەم هۆکارانەش لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت، واتە هەموو خوێندکارێک بیرکردنەوەی وەکوو یەک نییە. هەندێک بۆ بەدەستهێنانی نمرەیەکی بەرز دەخوێنن و دەیانەوێت لە کۆلێجێکی باش وەربگیرێن، هەندێکی تر بۆ گەیشتن بە ئیشێکی گونجاو و حەز و ئاواتیان لە دواڕۆژدا، بەشێکی تریان تەنها بۆ دوورکەوتنەوە لەو سزایانەی دەکرێت لەلایەن خێزانەکانیانەوە دووچاری ببنەوە ئەگەر نمرەیەکی نزم بەدەست بهێنن و چەندەها هۆکاری تر. نووسینەوەی ئەم هۆکارانە زۆر گرنگە، پێداچوونەوە و خوێندنەوەیان لەو کاتانەی هەست بە بێزاری یان ساردبوونەوە دەکەیت هاندەرێکی باش دەبێت و وا دەکات ئامانجەکەی خۆت بیربکەوێتەوە. 


نەبوونی تەکنیکێکی گونجاو بۆ سەعیکردن

لە ڕاستیدا کێشەی سەرەکی زۆربەی خوێندکاران بریتییە لە نەبوونی شێوازێکی تایبەت بە خوێندن، ئەگەر ئەمە ئەو هۆکارەیە کە وا دەکات توانای سەعیکردنت نەبێت، ئەوا خۆشبەختانە چارەسەری هەیە. سەرەتا دەبێت بیربکەیتەوە و بزانیت کە بە چ شێوەیەک لە بابەتەکان تێدەگەیت. بەشێوەیەکی گشتی چەند تەکنیکێکی جیاواز هەیە کە پەیڕەو دەکرێت وەک چەند جارێک خوێندنەوەی بابەتەکە، بەکارهێنانی کاغەز و پێنووس، واتە لەڕێگەی نووسینەوە، یان بە گوێگرتن لە بابەتەکە، باسکردن و شیکردنەوەی لەلایەن کەسێکەوە وەک مامۆستا، هاوڕێ یان هەر کەسێکی تر کە شارەزای بوارەکە بێت. سەرەتا پێویستە ئەو تەکنیکە دیاری بکەیت کە لەگەڵ تۆ گونجاوە و دواتر ئەنجامی بدەیت. ئەگەر بە نووسین توانای تێگەیشتنت هەیە، هەوڵبدە کاغەز و پێنووس بەکار بهێنیت و تێبینی بنووسیتەوە. داوا لە کەسێکی نزیکت بکە بابەتەکەت بۆ ڕوون بکاتەوە ئەگەر بە گوێگرتنی بابەتەکە لەلایەن کەسێکی ترەوە تێدەگەیت.


بەتەنها سەعیکردن

ئەمە هۆکارێکی سەرەکی نییە بۆ ئەوەی نەتوانی سەعی بکەیت، زۆربەی خوێندکاران سەعی کردنیان بەتەنها پێ باشترە، چونکە پێیان وایە زووتر بابەتەکە تەواو دەکەن و سەرنجیان زیاترە. بێگومان هەموو کەسەکان وەک یەک نین بۆیە هەوڵبدە ڕێگە گونجاوەکە بدۆزیتەوە، بەڵام ئەگەر تۆ کەسێکیت کە بەتەنها سەعیکردن بێزارت دەکات، کەواتە هەوڵبدە لەگەڵ هاوڕێکەت پێکەوە ئەنجامی بدەن. ئاگاداربە چی جۆرە کەسێک بۆ ئەم مەبەستە هەڵدەبژێریت، چونکە هەڵبژاردنی کەسێکی هەڵە و بێ ئامانج لەوانەیە ببێتە هۆی خراپتربوون لەجێی بەرەوپێش چوون. دڵنیاببەوە کە لەگەڵ کەسێکی زیرەک، وریا و گونجاودا خوێندنەکە ئەنجام دەدەیت، چونکە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەرت دەبێت و وا دەکات ئارەزووت بۆ خوێندن زیاد بکات و دەبێتە هاندەرێکی باش. 


سەعیکردن لە کاتێکی نەگونجاودا

هەڵبژاردنی کاتێکی گونجاو لە ڕۆژەکەدا کاریگەری لەسەر خوێندن دەبێت، دیاریکردنی ئەم کاتەش لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە. هەندێک کەس سەعیکردن لە بەیانییاندا بە گونجاو دەزانن، هەندێکی تر دوای نیوەڕۆیان پێ باشترە و بەشێکی تر شەوانیان لا پەسەندە. لێکۆڵینەوەیەک لەسەر ئەم بابەتە ئەنجامدراوە بۆ ئەوەی بزانن چی کاتێکی ڕۆژەکە گونجاوە بۆ سەعیکردن، ئەم لێکۆڵینەوە لەسەر سێ کاتی جیاواز کراوە، کاتەکانیش بریتیین لە ٠٤:٣٠ پاش نیوەڕۆ، ٠١:٣٠ پاش نیوەڕۆ، ٠٩:٣٠ پێش نیوەڕۆ. لە ئەنجامدا بۆیان دەرکەوتووە کە ٠١:٣٠ خولەکی پاش نیوەڕۆ باشترین کاتە بۆ سەعیکردن. هەوڵبدە لە سەرەتای ڕۆژەکە پلانی کاتەکانی خوێندن دابنێیت بۆئەوەی تووشی هیچ گرفتێک نەبیتەوە. 


سەعیکردن و پشوودان لەهەمان ژووردا

کاتێک سەعیکردن و پشوودان لە هەمان ژوور ئەنجام دەدرێت، توانا و ئارەزووی سەعیکردن وردە وردە کەم دەبێتەوە، ئەمەش وا دەکات هەست بکەیت بە بەردەوامی خەریکی سەعی کردنیت. بۆ نموونە هەندێک خوێندکار لە ژووری نووستن دەخوێنن، تەنانەت هەندێکیان لەسەر جێگەی نووستنەکە ئەنجامی دەدەن، ئەمەش وا دەکات سەرنجیان کەم بێتەوە، خەواڵوو ببن و زوو لە خوێندن بێزار ببن. هەوڵبدە لەدوای تەواوکردنی ئەو بەشەی دیاری کراوە بۆ خوێندن ژوورەکە جێبهێڵرێت و لە شوێنێکی تر پشوو وەربگیرێت، بەم جۆرە دوای پشوودان توانای سەعی کردنت دەبێت و بێزار نابیت. 


خۆبەراوردکردن

خۆبەراوردکردن بە کەسانی تر وا دەکات خۆت بە کەم بزانیت و ئارەزووی خوێندنت کەم دەکاتەوە، بۆ نموونە کەسەکە پێی وایە کە توانای نییە لەبەرئەوەی کاتێکی زۆرتری پێویستە بۆ تێگەیشتن لە بابەتێک بەبەراورد کەسێکی تر. هەوڵبدە لە بەراوردکردنی خۆت بە کەسانی تر دوور بکەویتەوە چونکە تووشی فشاری دەروونی و دوودڵی دەبیتەوە و لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانی چێژ لە خوێندن ببینیت، سەرنجت کەم دەبێتەوە و ساردبوونەوە لە خوێندن ڕوودەدات.


نەخواردنی بڕی پێویست لە خواردن

لەوانەیە باسکردنی ئەم بەباتە کەمێک سەیر بێت و بپرسیت چۆن دەکرێیت خواردن کاریگەری لەسەر سەعیکردن هەبێت. خواردنی تەندروست و وەرگرتنی ڤیتامینەکان بە بڕی پێویست کاریگەری لەسەر میزاجی کەسەکە هەیە. هەوڵبدە پێش سەعیکردن زۆرخۆری نەکەیت و خواردنی ناتەندروست نەخۆیت بۆئەوەی هەست بە خەواڵوویی نەکەیت، هەروەها گرنگی بەو خواردنانە بدە کە بۆ مێشک باشن وەک میوەی وشککراو، گوێز، ئەڤۆکادۆ و سەوزەواتەکان. 


هەوڵبدە ئەو هۆکارە دیاری بکەیت کە دەبێتە ڕێگر لە سەعیکردن، وا دەکات سارد ببیتەوە و توانای سەعی کردنت نەمێنێت. لە بیرت بێت کەم واتە زۆر، واتە تەرخانکردنی ٣٠ خولەک لە ڕۆژێکدا باشترە لە نەکردنی هیچ شتێک، بە گۆڕانکاری بچووک دەست پێبکە تا بتوانی بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام بیت.