بۆ ئەوەی کەسێکی سەرکەوتوو بیت

بۆئەوەی کەسێکی سەرکەوتووبی، هەمیشە کەسێکی ئامانجداربە نەخشەو پلانت هەبێ و ئامانجەکانت  دیاری بکە.

هەوڵبدە با هیواو ئامانجەکانت گەورەبن چونکە خوای گەورە بەهرە و توانای بێ سنوری بە مرۆڤەکان بەخشیوە، کەواتە تۆ خاوەن هەموو شتێکی و دەتوانی کاری گەورە ئەنجام بدەی، ئیرادەیەکی بەهێز لە کەسایەتی خۆتدا دروست بکە، ناخی خۆت بناسەو بزانە وزەی پێویست لەچ سەرچاوەیەکەوە وەردەگری؟

خۆت پڕ زانست و زانیاری بکە، فاکترە کاریگەرەکان بدۆزەوە، بەر لەوەی دەست بەهەر کارێ بکەی ئامادەکاریەکان بکەو کەرەسە پێویستەکان دابین بکە، بەرنامە ڕێژی هەنگاوەکانت بکە بزانە لەکوێوە دەست پێدەکەی و چۆن دەست پێدەکەی؟

گرنکی بەهەست و بیرو باوەڕ و تایبەتمەندیەکانی خۆت بدەو خۆراکە پێویستەکانی دڵ و دەرون و ناوەکیەکانی خۆت دابین بکە، بەو پەڕی متمانەوە خۆت ئامادە بکە بۆ شەونخونی و قوربانیدان لەپێناو خواست وئامانجەکانت، هەرگیز ڕێگە نەدەی کێشەو بەربەستەکان ساردت بکەنەوە لە عەشقی ژیان، چونکە دەبێ بزانی ساردبونەوە واتە وازهێنان و خۆبەدەستەوەدان، وازهێنانیش واتە ڕازیبوون

بەهەموو شتێ، ڕازی بوونیش بەهەموو شتێ واتە: لەدەستدانی کەسایەتی خۆت و دەستبەرداربوون لە مرۆڤبوون.

هەرگیز مەترسە لە کۆسپ و تەگەرەکان، چونکە هەرکاتێ تۆ بڕیارتدا و دەستت بەکارەکانت کرد خۆی لەخۆیدا مانای ئەوەیە: کەتۆ لەهەموو کۆسپ و تەگەرەکان بەهێزتری، هەمیشە گەشە بەخوودی خۆت بدە و هەوڵبدە بۆ ئەوەی دەستی کاریگەرت

هەبێ لە گۆڕانکاریەکانی ژیان و پێشەنگ بیت لە داهێنان و تازەگەریدا.

پشت بەخۆت ببەستە و بڕوای تەواوت بە سەرکەوتنی خۆت هەبێ، چونکە سەرکەوتنی ڕاستەقینە لەوەدایە کە خۆت باوەڕی تەواوت بەسەرکەوتنی خۆت هەبێ وەك مرۆڤێکی هۆشیارو تێگەیشتوو بژی.

بزانە بۆچی دروست بووی؟

جا کە زانیت بۆچی دروست بووی؟

ژیان و سەرکەوتن لە ژیان

دەبێتە خەون و خولیای هەمیشەیت و دەزانی چۆن مامەڵە لەگەڵ تام و چێژی سەرکەوتندا بکەی و ڕێز لە ژیان بگری و کار لەسەر ئامانجی گەورەتر بکەی

بۆیە مەوەستە، بەردەوامبە بگەڕێ بەدوای ئەو نهێنیانەی کە دەتکەن بە ئەستێرەی ژیان، با جێ دەستت دیاربێ لە پێشکەوتن و ئاوەدانی.

هەوڵبدە تێڕوانینەکانت بۆ ژیان جوان بێ بۆ ئەوەی شتەکان بە جوانی ببینی، چونکە ژیان شایانی ئەوەیە:کە بە جوانی بیبینی و دڵت بە ژیان خۆشبێ