ڕێگاکانی وانە گووتنەوە

ئاشکرایە زانایانی بواری پەروەردە و فێرکردن لە کۆنەوە تاوەکو ئێستا، ئاماژەیان بە چەندین ڕێگا  کردووە، کە لە خوارەوە بە کورتی هەندێکیان دەخەینە ڕوو

١- ڕیگای وتاردان (طریقة ‌‌‌المحاضرة)

لەگەڵ چوونە ژوورەوە بۆ ناو پۆل مامۆستا دەستدەکات بە وانە گووتنەوە و شیکردنەوەی بابەتەکە، بە بێ بەشداری قوتابی زانیارییەکان دەخاتە ڕوو، دەنووسێت و لەسەر تەختە ڕەش زانیارییەکان تۆمار دەکات،

قوتابی لە نووسین و شیکردنەوە و مناقەشە کردن هیچ ڕۆڵێکی نیە.

٢- ڕێگای پرسیار کردن (طریقة  الأسئلة)

ئەم ڕێگایە لەوە خۆی دەبینێتەوە کە مامۆستا چووە ژوورەوە، کۆمەڵێک پرسیاری ئامادەیە، یەکە یەکە پرسیارەکان ئاراستەی قوتابیان دەکات و ئەوانیش وەڵام دەدەنەوە، لەم ڕێگایە مامۆستا لە شیکردنەوەی وانەکە، کەم بەشدار دەبێت، زیاتر قوتابی وانەکە ئامادە دەکات و لە ڕێگای پرسیارەکانی مامۆستاوە وەڵام دەداتەوە، ئەم ڕێگایە زۆر لە کۆنەوە بوونی هەیە و ڕێژەیەکی زۆر لە مامۆستایان پەیڕەوی دەکەن.

٣- ڕێگای گفتوگۆ (طریقة المناقشة)

ئەم ڕێگایە یەکێکە لە ڕێگا هەرە کۆن و هەرە گرنگەکان، هەندێک لە مێژوو نووسان دەیگێڕنەوە بۆ سەردەمی (سوقڕات)، لەم ڕێگایەدا پرسیار کردن ڕۆڵێکی گرنگی هەیە، بەڵام نابێتە ئامانج و بنەمای سەرەکی، بەڵکو گفتوگۆی هێمن و لەسەرخۆ لە نێوان مامۆستا و قوتابی، قوتابی و قوتابی، ئامانجی سەرەکیە، بەمەش تەنها مامۆستا بەشدار نابێ لە شیکردنەوەی وانەکە یاخود تەنها قوتابی وەڵام بداتەوە، بەڵکو هەردوو لا بەیەکەوە پرسیار دەکەن و موناقەشەی دەکەن، تاوەکو دەگەنە ئامانج و مەبەستی خۆیان.

٤- شێوازی گرووپ (طریقة المجموعة)

ئەم ڕێگایە لەم سەردەمەدا زۆر باوە، لە زۆربەی وڵاتە پێشکەوتووەکان پەیڕەوی لێ دەکرێت، چەند ساڵێکە وڵاتانی تازە پێگەیشتوو بە هەرێمی کوردستانیشەوە، بە شێوەیەکی کەم و سنوردار پەیڕەو دەکرێت، لەم ڕێگایە پۆل دەکرێتە چەند گرووپێک، قوتابیەکی ئاست بەرز و زیرەک سەرپەرشتی گرووپەکە دەکات و یارمەتی قوتابیە ئاست نزمەکان دەدات، بەمەش گیانی هاوکاری لە پۆلدا بەهێز دەبێت و  لە ئاستی قوتابیەکان لە یەکتر نزیک دەبێتەوە.

٥- ڕێگای پرۆژە (طریقة المشروع)

ئەم ڕێگایە لە ڕێگا هەرە تازە و پێشکەوتووەکانە، لە زۆرێک لە وەڵاتە پێشکەوتووەکان پەیڕەو دەکرێت، بە تایبەتی ووڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ئەم ڕێگایەش بریتیە لەوەی کە قوتابی خۆی بەدواداچوون دەکات و پلان دادەنێت و پرۆژە پێشکەش دەکات، زانیاری کۆ دەکاتەوە و دەنووسێت و جێ بە جێی دەکات، بەمەش قوتابی کەسی یەکەمە و ئاستی فکری و بیرکردنەوەی لەو پەڕی بەهێزی و ئامادە باشی دایە، زۆڵی مامۆستا تەنها چاودێری و ئاسانکارییە.

٦- ڕگاکانی چیرۆک (طریقة القصة)

پێشکەش کردنی زانیاری لە ڕێگای گێڕانەوەی چیرۆکێک دەبێت، بە مەرجێک چیرۆکەکە لە بابەتەوە نزیک بێت، زانایان بە ڕێگایەکی تەقلیدی و دواکەوتووی دادەنێن، بۆیە کەوتۆتە بەر ڕەخنە و تواجێکی زۆر، ئەم ڕیگایەش زۆربەی جار بۆ گەیاندنی زانیاری بەکاردێن بۆ منداڵ، چونکە سەرنجی منداڵ کێش دەکات و بەو هۆیەوە فێری چەندان زانیاری دەبێت.

٧- ڕێگای گەڕان و ڕاهێنانی زانستی (طریقة التدریب العلمي) 

لەم ڕیگایە گەران و راهێنانی زانستی پیشاندانی نەخشە و چوون بۆ شووێن و واقیعە ڕاستەقینەکە لە ڕێگای گەشت کردن، ئەم ڕێگایە بە زۆری بۆ بابەتەکانی جوگرافیا و مێژوو دەبێت، راستەوخۆ قوتابی دەچێتە ناوجەرگەی شوێنی ڕووداوەکە، بەمەش کۆمەڵێک پرسیاری گرنگی بۆ دروست دەبێت، کە پێویست دەکات مامۆستا ڕاستەوخۆ وەڵامی بداتەوە.